گەرمیان.. ئافرەتێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

پۆلیسی گه‌رمیان رایگه‌یاند، ژنێك كه‌ دایكی سێ منداڵه‌ به‌ فیشه‌ك خۆی كوشتووه‌ و به‌هۆی بوونی گومان له‌ رووداوه‌كه‌، هاوسه‌ری ئه‌و ژنه‌یان ده‌ستگیر كردووه‌.

 



عه‌لی جه‌مال قدوری، وته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٠، لەگوندی ساڵح ئاغای سەربەناحییەی قۆرەتوو تەرمی ئافرەتێک بەناوی (ن- ب – ا) لەدایکبووی ١٩٨٦ هێنرایە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار کەبەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدابوو.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا کە بەوتەی کەسوکاری ناوبراو خاوەنی سێ منداڵە و فیشەکی بەخۆیەوە ناوەو خۆی کوشتوە.

 

پۆلیسی گه‌رمیان ئه‌وه‌ی نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بەهۆی بونی گومان لە رووداوەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان کردوه‌تەوە و لەئێستادا هاوسه‌ره‌كه‌ی دەستبەسەر کراوە و چاوەڕوانی راپۆرتی پزیشکین تا روون بێتەوە کە روداوەکە خۆکوژی بوە یاخود کوژراوە.

وەڵامێک بنووسە