“گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم وەردەگرێت”

ماڵپەڕێکی عەرەبی رایگەیاندووە، “پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان رێککەوتوون و بڕیار وایە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بە گۆڕان بدرێت”. 

 

 

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سۆمەریە نیوز کە لە ماڵپەڕێکی عەرەبی کەنداو وەریگرتووە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر پۆستەکان رێککەوتوون و بۆ بەدواداچوونی رێککەوتنەکە، لێژنەیەکیان پێکهێناوە.

 

هاوکات لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو هێزی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئەیلوول پشکی گەورەی بەردەکەوێت و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش پۆستەکانی دوای پارتی دەستدەکەوێت.

 

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکە دەڵێت، “لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی هەردوو لایەن، رێککەوتنێکی سەرەتایی هەیە و بەو پێیەش پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بە نێچیرڤان بارزانی دەدرێت. لەلایەکی دیکەشەوە جێگری بارزانی، مستەفای سەید قادر دەبێت کە پێشووتر وەزیری پێشمەرگە بووە و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانە. لەلایەکی دیکەوە پۆستی سەرۆکوەزیران-یش بە مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێـمی کوردستان دەدرێت و قوباد تاڵەبانی-ش وەکو خۆی لە پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران دەمێنێتەوە”.

لە بەردەوامی هەواڵەکەدا دەڵێت، “لەلایەکی دیکەوە بێگەرد تاڵەبانی، سەرکردەی دیاری یەکێتی و پەرلەمانتاری ئەو حیزبە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان وەردەگرێت. لەبەرامبەر ئەمەدا هێمن هەورامی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی پێدەدرێت. چاوەرێ دەکرێت کابینەی حکوومەت لە ماوەی مانگێک پێکبهێندرێت و رابگەیەندرێت”.

 

دوای هاتنی ساڵی ٢٠١٩، کۆبوونەوەکان لەسەر ئاستێکی باڵاتر بەردەوامە و تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی دابەشکردنی پۆستەکان رانگەیەندراوە.

وەڵامێک بنووسە