کەتەنە: ژمارەی تورکمانەکان لە عێراق سەروو شەش ملیۆنە

بەرنامەی ئیپەکچە، لەگەڵ ئەوەی بابەتی جیاواز دەخاتە بەردەست، لەم ئەڵقەیەدا میوانداری د.تورهان کەتەنە، سەرۆکی وەقفی هەماهەنگی و کەلتووری تورکمان ئێلی دەکات.

 

 

سەبارەت بە کەمتەرخەمییەکانی کەرتی پەروەردە، تەندروستی و بابەتە ئیدارییەکانی تورکمان ئیلی گوێمان لە پێشنیارەکانی بەرێز د.تورهان کەتەنە گرت.

 

دوای ئەوەی ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٩ دەستبەکاربوو، چەندین پڕۆژەی گرینگی لە بوارە جیاوازەکان دەستپێکرد و رووبەرووی چەندین کێشەی رۆژانە و کێشەی ئابووری جیهانی بووەوە، د. تورهان کەتەنە رایگەیاند، “لەو ماوەیەی رابردوودا، ئەو کێشانەی کە بەسەر میللەتەکەمان بە تایبەتی و مرۆڤایەتی بەگشتی تێپەری بووە هۆی ئەوەی هەست بە نائاسوودەیی بکەین. ئێمەش وەکو وەقف کە کارمان پێدانی یارمەتییە لە بوارەکانی پەروەردە، کەلتوور و تەندروستی ئەرکێکی زۆرمان خرابووە ئەستۆ”.

 

“لەئێستادا کارەکانمان  بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێڵەیی بەردەوامی هەیە”

 

سەبارەت بەو پڕۆژانەی کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتا جێبەجێکرابوون  یان لە بواری جێبەجێکردندا بوون، 

د.تورهان کەتەنە وتی، “کارەکانمان بۆ پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێڵەیی لە ناوەندی پارێزگای کەرکوک بەردەوامی دەبێت. سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتا-دا زۆر کێشەی تەکنیکیمان هاتە پێش، بەڵام هەموو توانامان بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم پڕۆژەیە خستۆتەگەڕ و دوای سەری ساڵ راستەوخۆ پلانمان هەیە بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەکە”.

 

ناوبراو سەبارەت بە پێشخستنی پڕۆژەی زانکۆ وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی بەم شێوەیە دایەوە:“دوو پلانی فێرکاری تەندروستیمان هەیە. یەکەمیان، دەستپێکردنەوەی ماستەر و دکتۆرا، دووەمیشیان، پێشکەشکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس. هەردوو پلانەکە بەردەوامیان دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش پلانمان هەیە تا ساڵێکی دیکە هۆڵەکانی خوێندن ئامادە بکرێت”.

 

“دەمانەوێت لەگەڵ فێرخوازە تورکمانەکان لەم رێگایەدا بەردەوامبین”.

 

د.تورهان کەتەنە، لە پڕۆژەی کردنەوەی زانکۆدا کاتێک باسمان لە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ فێرخوازە تورکمانەکاندا کرد، ئاماژەی بەوەدا، “ئەگەر پێویست بکات، ستافی دیکە لە تورکیا، وڵاتە عەرەبییەکان و وڵاتانی دەرەوە بە گشتی دەهێنین”.

 

“ئەو سیستەمی خوێندنەی ئێستا بە راست نازانم”

 

سەبارەت بە گرنگی کەرتی خوێندن بۆ گەلی تورکمان، 

د.تورهان کەتەنە بەم شیوەیە بۆچوونی خۆی دەربڕی:

 

“کێشەی سەرەکی نەگەیشتنمان بە ئامانجەکانمان، هەڵە بەکارهێنانی سیستەمی پەروەردەییمانە. بۆ سیستەمی نوێی پەروەردە کاری جددیمان لەبەردەستدایە. سەبارەت بەم بابەتە، لە چەند مانگی داهاتوودا لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی شارەزا لەم بوارەدا کۆدەبینەوە”.

 

“لەنێو سیاسەتدا نیم”

 

سەرەڕای ئەوەی ناوبراو رایگەیاند، کە خاوەن ئەزموونێکی زۆرە لەبواری سیاسەتدا، لە وەڵامی پرسیاری، ئایا لەبواری سیاسەتدا پڕۆژەتان هەیە؟ بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە و وتی، “لەنێو سیاسەتدا نیم، پێویستە ئەم رێگایە بۆ گەنجەکان خۆشبکرێت. برا گەنجەکانمان هەرکاتێک خواستیان لەسەربوو، من بە سوپاسەوە پڕۆژەی شایستەیان دەخەمە بەردەست”.

 

“لە عێراق ژمارەمان زیاترە لە شەش ملیۆن کەس”

 

د.تورهان کەتەنە، باسی لە ژمارەی تورکمانەکانی عێراق کرد و وتی، “عەشیرەتی(بەیاتی)، دوای دەوڵەتی عوسمانی، بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانیان، خۆیان بەعەرەب کرد. بەم شێوەیە بە گۆڕانکاری نەتەوەیی تاکەکانی گەلەکەمان لەدەستدا. بە یارمەتی وەقفی تورکمان ئیلی توانیمان ئەنجومەنی عەشیرەتی بەیاتی لە دیالە دابمەزرێنین. لێرەدا یەکگرتوییەکی گەورە هەیە، ١٧-١٨ سەرۆک عەشیرەت لەگەڵ ئێمە یەکیان گرتەوە”. لەم باسانەدا ناوبراو ئەوەی درکاند، بە هاتنە ناوەوەی چوار ملیۆن ئەندامی عەشیرەتەکانی بەیاتی، ژمارەی تورکمانەکانی عێراق بۆ شەش ملیۆن کەس بەرزبووەوە. 

 

لە کۆتا پرسیارماندا سەبارەت بە پێشنیارەکانی ناوبراو بۆ گەلی تورکمان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، د. تورهان کەتەنە وتی، “هەموو کاتێک پێشنیاری من بۆ گەلی تورکمان ئەوەیە، یەکگرتوویی زۆر گرینگە، لقی زۆر لەخۆمان نەکەینەوە و بەرژەوەندی گشتی بەلاوەنێین، چ لە کەرتی تەندروستی و چ لە کەرتی سیاسی، ئەگەر هاتوو یەکگرتوو بووین دەگەینە شوێنی زۆر بەرزتر”.