پێنتاگۆن: داهاتی بیرە نەوتەکانی باکووری سووریا بۆ هەسەدەیە

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، “داهاتی بیرە نەوتەکانی باکووری سووریا بۆ هەسەدەیە”. 

 

 

لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جۆناتان راس هۆفمان، وتەبیژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا(پێنتاگۆن) تیشکی خستە سەر بیرە نەوتەکانی باکووری سووریا کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکایە و رایگەیاند کە داهاتی ئەو بیرە نەوتانە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)یە.

 

هاوکات وتەبێژەکەی پێنتاگۆن رایگەیاند کە هێزەکانیان مافیان هەیە بەرگری لەخۆیان بکەن لەبەردەم هەر هێرشێک.

 

پێشتر ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس-ی ئەمریکی لە هەواڵێکیدا کە لە سەرچاوە ئەمریکییەکان وەریگرتبوو، ئاماژەی بەوە دابوو ئەمریکا دەیەوێت ٨٠٠ سەرباز لە نێوان دەیرزۆر و حەسەکە کە دەکاتە ١٥٠ کیلۆمەتر جێبهێڵێت بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکانی باکووری سووریا.

 

لەلایەکی دیکەوە مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکی پێشوویدا رایگەیاندبوو کە ئەمریکا بیرە نەوتەکان لەبەرامبەر هەرەشەکانی گرووپە چەکدارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەپارێزێت.

وەڵامێک بنووسە