پۆمپیۆ: دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە لەگەڵ رۆحانی کۆببێتەوە

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی-دا، کۆبێتەوە.

 

 

مایک پۆمپیۆ و ستیڤن میونشن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆشکی سپی دەربارەی ئەو بڕیارنامەیەی کە  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا واژووی کردووە و تایبەتە بە زیادکردنی سزاکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان رێکخست.

 

شایەنی باسە مایک پۆمپیۆ لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی ترەمپ و روحانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت وتی، “سەرۆک ترەمپ ئامادەیە لەگەڵ روحانی کۆبێتەوە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە”.

 

هاوکات ستیڤن میونشن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا لە هەموو لایەنێک زیاتر سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە و دووپاتیکردەوە کە ئەمەش سوودی خۆی هەبووە و وتی، “سەرۆک بەئاشکرا گوتی کە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە لەگەڵ روحانی کۆدەبێتەوە، بەڵام هەڵمەتی گەورەترین فشارەکانمان هەر بەردەوام دەبێت”.

 

جێگای ئاماژەیە هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدابوو کە ئەو کراوە دەبێت بۆ چاوکەوتن بە سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

 

پێشتر دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن روحانی-دا رایگەیاندبوو “نازانم، هەموو شتێک ئەگەری هەیە. کێشەی خۆیانیان هەیە دەیانەوێت چارەسەری بکەن. لە رووی ئابوورییەوە بەرەو خراپی دەچن. ئێمە دەتوانین ئەم کێشانە لە ٢٤ کاتژمێردا، چارەسەر بکەین”.

 

وەڵامێک بنووسە