پڕۆژه‌ی رێكخستنه‌وه‌و به‌ سیسته‌م كردنی كاری تاكسی له‌ هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كرێت

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ ٨-١٠-٢٠١٩  له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌ ئاماده‌بوونی ئانوو جه‌وهه‌ر  وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی وه‌زاره‌ت و وه‌زاره‌تی ناوخۆو نوێنه‌رانی سه‌ندیكای گواستنه‌وه‌ی سه‌ر به‌ سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان و كۆمپانیاكانی جێبه‌جێكار، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا گرێبه‌ستی پڕۆژه‌ی پێدانی لۆگۆ بۆ تاكسیه‌كان له‌گه‌ڵ سێ كۆمپانیای ناوخۆیی له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك واژۆ كراو راگه‌یه‌نرا.

 

 

 

به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ ماوه‌ی جێبه‌جێ كردنی پڕۆژه‌كه‌ ١٨٠ رۆژه‌و كاركردنی تاكسی به‌ سیسته‌م ده‌كرێت و هێڵه‌كانی ناوخۆی شاره‌كان و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان جیاده‌كرێته‌وه‌، هه‌ر پارێزگایه‌ك ره‌نگی تایبه‌تی خۆی ده‌بێت لۆگۆی تاكسیه‌كانی شاری هه‌ولێر سوور و شاری سلێمانی شین و پارێزگای دهۆك ره‌نگی ره‌ش و تاكسی شارۆچكه‌كانیش ره‌نگی لۆگۆیان قاوه‌یی ده‌بێت.

 

له‌مه‌ودوا تاكسی شارێك ناتوانێت له‌ شارێكی تر كاربكات و هه‌روه‌ها تاكسی هێڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان و ناوخۆی پارێزگاكانیش به‌هه‌مان شێوه‌ده‌بێت.

 

بێجگه‌ له‌مه‌ هه‌ر تاكسیه‌ك ژماره‌ی تایبه‌تی وه‌كو كۆدێك له‌سه‌ر لۆگۆكه‌ی ده‌بێت و نرخی دانانی لۆگۆكان له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی تر جیاوازه‌و به‌گوێره‌ی كه‌مترین نرخه‌ كه‌ كۆمپانیاكان له‌ ته‌نده‌ری پڕۆژه‌كه‌ بۆ وه‌زاره‌تیان گه‌ڕاندۆته‌وه‌، بۆ هه‌ر تاكسیه‌ك له‌ هه‌ولێر ١٨هه‌زار دینار و له‌ سلێمانی ١٨هه‌زار و ٧١٠ دینار و له‌ دهۆك ١٢ و ٥٠٠ دینار ده‌بێت.

 

بۆ پێدانی لۆگۆو كاری شوفێری تاكسی، هه‌ر شوفێرێك ده‌بێت فۆرمی ئه‌ستۆپاكی ئه‌نجامنه‌دانی تاوان له‌ فه‌رمانگه‌ی به‌ڵگه‌ی تاوان بهێنێت و بیسه‌لمێنێت هیچ تاوانێكی ئه‌نجامنه‌داوه‌و ئه‌وانه‌ی پێشینه‌ی تاوانكاریان هه‌یه‌، به‌پێی ئه‌و سیسته‌مه‌ رێگایان پێنادرێت له‌مه‌ودوا كاری شوفێری تاكسی بكه‌ن.

 

بۆ پێدانی لۆگۆ له‌ هه‌ر شارێك سه‌نته‌رێك له‌لایه‌ن كۆمپانیای به‌ڵێنده‌ر ده‌كرێته‌وه‌و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كانی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و ناوخۆ ئاماده‌ییان ده‌بێت له‌ پرۆسه‌كه‌دا.

 

له‌شاری هه‌ولێر (ئەربیل) پڕۆژه‌ی لۆگۆی تاكسی له‌لایه‌ن كۆمپانیای دارا پرینتینگ و له‌ پارێزگای سلێمانی كۆمپانیای كافرۆش و له‌ پارێزگای دهۆك له‌لایه‌ن كۆمپانیای محه‌مه‌د جێبه‌جێ ده‌كرێت و ١٥ رۆژ له‌ دوای واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كه‌، ده‌بێت كۆمپانیاكان ده‌ست به‌كاركردن بكه‌ن.

 

 

وەڵامێک بنووسە