مەحمود عوسمان: هەموو حیزبەکان داوای پۆستی زیاتر دەکەن

مەحمود عوسمان لەبارەی دواکەوتنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، “من پێموانییە زەختی دەرەکی هەبێت لەسەر ئەم پرسە. ئەو دواکەوتنە هەموو لە ئەستۆی حیزبەکانە و هیچ فشارێکی دەرەکی لەسەر هیچ حیزبێک نییە تاوەکو بڵێین لەبەر ئەو فشارانە پرۆسەکە بەم جۆرە دوادەکەوێت”.

 

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمدار و پەرلەمانتاری پێشوو کە زیاد لە ٥٠ ساڵ ئەزموونی سیاسی هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ هەفتەنامە و پۆرتاڵی تەبا هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی هەرێم و عێراق کرد.

 

                                                                                                  “هەموو  حیزبەکان داوای پۆستی زیاتر دەکەن”

 

زیاد لە شەش مانگە هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە و تا ئێستا رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستی پێنەکردووە. ئێوە وەکو سیاسەتمەدارێکی بە ئەزموون چۆن سەیری ئەم دۆخە دەکەن؟

 

وەکو ئێوەش دەزانن مەسەلەکە بریتییە لە کێشەی نێوان حیزبەکان. ئەو حیزبانە تا رێکدەکەون کاتی دەوێت. لەڕاستیدا وا باشترە کە ئەو مەسەلەیە درێژە نەکێشێت و نەبێتە هۆکارێک بۆ بێزارکردنی خەڵک، بەڵام دیارە کە هەر یەک لە حیزبەکان داواکاری خۆی هەیە و داوای پۆستی زیاتر دەکات. هەموو ئەو رێکارانە کاتی دەوێت، هەرچەندە درێژەدان بەو دۆخە کارێکی خراپە بەڵام لەم ناوچەیەدا هەر بەم جۆرە بووە و پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت درێژەی کێشاوە.

 

                                                                                              “من پێموانییە فشاری دەرەکی هەبێت لەسەر ئەم پرسە”

 

ئیتر هۆکارەکانی دواکەوتنیش هەر کەسێک بە شتێکی دەبەستێتەوە، هەندێکیان دەڵێن فشاری وڵاتە زلهێزەکان و وڵاتە ئیقلیمییەکان کێشە دروست دەکات لەسەر پرۆسەکە. بەڵام من پێموانییە فشاری دەرەکی هەبێت لەسەر ئەم پرسە. ئەو دواکەوتنە هەموو لە ئەستۆی حیزبەکانە و هیچ فشارێکی دەرەکی لەسەر هیچ حیزبێک نییە تاوەکو بڵێین لەبەر ئەو فشارانە پرۆسەکە بەم جۆرە دوادەکەوێت. هیچ وڵاتێک نەهاتووە و بڵێت وابکەن و وامەکەن. ئەم جۆرە قسانە هەموو پاکانە کردنە بۆ حیزبەکان، ئەو دواکەوتنە بە تەواوی لە ئەستۆی حیزبەکانە هەر خۆیان دەتوانن حکوومەت دروست بکەن و دروستی نەکەن و دوای بخەن. پێموابێت هیچ دەوڵەتێک تەداخولی ئەو پرسە ناکات و بڵێت حکوومەت دروست بکەن و دروستی مەکەن.

 

دەتوانن هەڵسەنگاندنێک بکەن بۆ حکوومەتی عێراق کە بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی دامەزراوە ؟

 

عادل عەبدولمەهدی کەسایەتییکە کە من دەیناسم و خەڵکیش دەیناسێت و دەزاندرێت کە رۆڵی زۆری بینیوە لە عێراق. دەتوانین بڵێین لە سەردەمی پێش رووخانی سەددام و سەردەمی دوای رووخانی سەددام رۆڵی بینیوە لە عێراق. بەڵام بێگومان مەسەلەکە هەر ئەوەندە نییە، پێویستە لە کاتی ئەنجامدانی هەر کارێک رای کوتلەکان وەربگرێت و رازییان بکات. بەداخەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە وەزارەتەکانی کابینەکەی تەواو بکەن، بۆیە پێویستە چاوەڕوان بین بزانین کردەوەکانیان چۆن دەبێت. ئەو کات بە پێی کردەوەکانیان رای خۆمان دەرببڕین. چونکە ناکرێت بێ ئەوەی بزانین چۆن کار دەکەن و کردەوەکانیان چۆن دەبێت، لەسەریان بدوێین و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین.

 

                                                                       “پێویستە بزانین تا چەند لە ڕووی رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵییەوە بەڵێنەکانیان دەبەنە سەر”

ئێمە هیوادارین پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی زوو کۆتایی پێبێت و وەزارەتەکانی دیکەش پر بکرێتەوە. ئێمەش سەیری هەڵسوکەوتی حکوومەتەکەی دەکەین بزانین ئایا تا چەند بەڵێنەکانی بەجێ دەگەیەنێت و تا چەند راستگۆ دەبێت لەگەڵ خەڵکی خۆیدا. ئەگەر وەکو ئەوەی بەڵێنەکانیان دا و وتییان ئێمە رووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە، کار بکەن ئەوە کارێکی باش دەبێت، بە پێچەوانەوە کارێکی خراپە. بۆیە پێویستە بزانین تا چەند لە ڕووی رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵییەوە بەڵێنەکانیان دەبەنە سەر. ئێستا زووە بۆ ئەوەی بتوانین هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین.

 

پێشبینیتان چییە بۆ کابینەی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانی عێراق کە بڕیارە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پێک بهێندرێت؟

 

لە ئێستادا ناتوانین هیچ بڕیارێک بدەین لەبارەیەوە. چونکە ئێمە کارەکانی ئەو حکوومەتەمان نەبینیوە، پێویستە چاوەڕوان بین بۆ ئەوەی پرۆسەکە دەست پێبکات و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت و وەزیرەکان دەستبەکاربن، ئەو کات دەتوانین هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین. ئێستا هەرچی پێشبینی بکەین رەنگە هەڵە بێت. چاوەڕێی دروست بوونی حکوومەتەکە دەکەین و کاتێک دەست بەکاربوون، ئەو کات هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانیان دەکەین.

 

                                        ” بڕوا ناکەم جەماوەری پێکهاتەکان رازی بن لە نوێنەرەکانیان کە بە کۆتا هەڵبژێردراون. چونکە حیزبەکان کۆتاکانیان هەڵبژاردووە”

سیستەمی کۆتا بۆ پێکهاتەکان داندراوە بۆ ئەوەی پێکهاتەکان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق. پێتان وایە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن یاخود ئەو مافە لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵاتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار هێندراون؟

 

کۆتاکان حیزبەکان دایانناوە. بڕوا ناکەم جەماوەری پێکهاتەکان رازی بن لە نوێنەرەکانیان کە بە کۆتا هەڵبژێردراون. چونکە حیزبەکان کۆتاکانیان هەڵبژاردووە.

 

                                                                      “رەنگە پارتی دیموکراتی کوردستان کوردستان رۆڵی هەبێت لە دانانی ئەو کەسانە “

 

بێگومان ئەو کۆتا-یانەی کە لە کوردستان هەن زۆربەیان مەیلیان بەلای پارتییە. وە رەنگە پارتی دیموکراتی کوردستان رۆڵی هەبێت لە دانانی ئەو کەسانە. زۆرێک لە خەڵکیش گلەییان هەیە و دەڵێن ئەوانە نوێنەری ئێمە نین. چونکە زۆربەیان جەماوەر دەنگی پێنەداون. من زانیاری زۆرم نییە لەسەر ئەم پرسە بەڵام ئاگادارم کە ناڕەزایی لەبارەی کۆتاکانەوە زۆرە.

 

هەواڵ: عەلی عەنتەر

وەڵامێک بنووسە