وەزیری پلاندانانی هەرێم: بۆ پەرەپێدانی داهاتووی عێراق و هەرێم پێویستە پشت بە سەرژمێرییەكی دروست ببسترێت

وەزیری پلاندانانی هەرێم، پێشوازی لە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەعێراق دەكات، كە بڕیارە لەكۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەو مەرجەی بەغدا هاوكار و هەماهەنگ بێت لە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێندراوەكان، راشیدەگەیەنێت: بۆ پەرەپێدانی داهاتووی عێراق و هەرێم، پێویستە پشت بە سەرژمێرییەكی دروست ببسترێت.

 



بەگوێرەی راگەیاندراوێكی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم، كە وێنەیەكی بۆ راچڵەكین نێردراوە، ئەمڕۆ ١٩-١-٢٠٢٠، د. دارا رەشید وەزیری پلاندانان، لەدیوانی وەزارەت، لەگەڵ وەفدێكی باڵای عێراق بۆ سەرژمێری و نوێنەری سندوقی پەرەپێدانی نەتەوەیەكگرتوەكان كۆبووەوە.

 

لەكۆبوونەوەكەدا، كە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوریی و بریكار و بەڕێوەبەرانی گشتی هەردوو وەزارەت ئامادە بوون، گفتوگۆلەبارەی میكانیزمەكانی بەرێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەعێراق كرا.

 

لە بەشێكی راگەیاندراوەكەدا هاتووە، وەزیری پلاندانان ڕایگەیاند: هەرێمی كوردستان ئامادەیە و پێشوازی لە سەرژمێری دەكات، بەو مەرجەی حكومەتی عێراق هاوكار و هەماهەنگ بێت، بەتایبەت لە ئاسایی كردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێندراوەكان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.

 

د. دارا رەشید وێڕای بەرزنرخاندنی رۆڵی سندوقی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتوەكان، لە دەربڕینی ئامادەیی بۆ باڵا پشتیكردنی سەرژمێری گشتی، وتیشی: دەبیت نەتەوەیەكگرتوەكان و رێكخراوە جیهانیەكان رۆڵی كارای خۆیان بگێڕن بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە.

 

وەزیری پلاندانان، ئاماژەی بە روئیای حكومەتی هەرێمیش كرد بۆ دەرئەنجامەكانی سەرژمێری، كە لای هەرێمی كوردستان گرنگە بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی عێراق و هەرێم بێت، نەك مەرام و مەبەستی سیاسی لەپشتەوە بێت.

وەڵامێک بنووسە