وەزارەتی بەرگری عێراق: هەموو رێوشوێنێكی سەربازیی و ئەمنی دەگرینەبەر

وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی دواهەمین هێرشەکان بۆ سەر سەربازگە عێراقییەکان رایگەیاند، “هەموو رێوشوێنێكی پێویست لە رووی سەربازیی و ئەمنییەوە دەگرینەبەر لە پێناو پارێزگاریكردن و بەرگریكردن لە وڵاتەمان”.

 

دوا بە دوای كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی بەرگریی كە بە ئامادەبوونی فەریقی یەكەم روكن عوسمان غانمی،  سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق و یاریدەدەرانی بۆ ئۆپەراسیۆنەكان، كارگێڕی و مەشق و راهێنانەكان لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندە سەربازییەكان سازكرا راگەیەندراوێك بڵاكرایەوە.

 

هاوکات بەپێی راگەیەندراوەكە نەجاح شەممەری، وەزیری بەرگری عێراق  لە كۆبوونەوەكەدا راگەیاندووە وەزارەتەكەی هەموو رێوشوێنی پێویست لە رووی سەربازیی و ئەمنییەوە دەگرێتەبەر بە ئامانجی پارێزگاریكردن و بەرگریكردن لە وڵاتدا و ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر هێرشێك بكرێتە سەر هەر لایەنێكی عێراق، واتای هێرشكردنە بۆسەر عێراق.

 

شایەنی باسە نەجاح شەممەری جەختیكردووەتەوە كە گرنگە رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەو كەس و لایەنانە بگیرێتەبەر كە هەوڵدەدن زیان بە سەروەریی و شكۆی عێراق بگەیەنن.

 

لەلایەکی دیکەوە نەجاح شەممەری، وەزیری بەرگری عێراق هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا وتوویەتی، ” گرنگە هەماهەنگی و هاوكارییەكانی نێوان سوپا، پۆلیسی فیدرالی، پاسەوانی سنوور، دژە تیرۆر، حەشدی شەعبی، هێزەكانی پاسەوانی هەرێم و پێشمەرگە پتەوتر بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر رووبەڕووی ئەو كەسانە ببنەوە كە دەیانەوێت ئاسایشی عێراق تێك بدەن.

 

بەم دواییانە لە ژمارەیەك هێرشدا، چوار بارەگای حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی عێراق كرانە ئامانج و تا ئێستا ئەو لایەنە ئاشكرا نەكراوە كە ئەو هێرشانەی ئەنجامداوە.

وەڵامێک بنووسە