وه‌زیری ته‌ندروستیی ئێران هۆشدارییەکی دا بە دانیشتووانی وڵاته‌كه‌ی

سه‌عید نه‌مه‌كی، وه‌زیری ته‌ندروستیی ئێران،  داوای له‌ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی كرد بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ناچار نه‌بن له‌و ١١ پارێزگایه‌ی ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا (كۆڤید-١٩) بڵاوبووه‌ته‌وه‌ قه‌ره‌نتینه‌ جێبه‌جێبكه‌ن، خۆیان له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌دوور بگرن.
 

 

 

سه‌عید نه‌مه‌كی له‌ لێدوانێكدا بۆ ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێران، هۆشداریی له‌باره‌ی ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا دایه‌ هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی.

 

نه‌مه‌كی باسی له‌وه‌كرد له‌ ١١ پارێزگای وڵاته‌كه‌ی و له‌سه‌روویانه‌وه‌ له‌ پارێزگای قوم، كه‌ ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا تێیاندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، رێکكاری توند گیراونه‌ته‌ به‌ر و دۆخه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌، راشیگه‌یاند: “با هاووڵاتییانمان خۆیان به‌ دووربگرن له‌و گه‌شتانه‌ی كه‌ ناچارنیین ئه‌نجامیبده‌ن. له‌و شوێنانه‌ی كه‌ حاڵه‌تی تۆماركراوی كۆرۆنای تێدایه‌، با نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌. ئاگەداری رێنمانییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی بن و هیوادارام ناچارمان نه‌كه‌ن به‌وه‌ی كه‌ رێكاری قه‌ره‌نتینه‌كردن، بگرینه‌به‌ر”.

 

وه‌زیری ته‌ندروستیی ئێران تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه‌ تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون، چوونه‌ته‌ شاری قوم له‌وێوه‌ چوونه‌ته‌ پارێزگاكانی دیكه‌ و داوایكرد به‌تایبه‌ت له‌ قوم خه‌ڵک نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ماڵه‌كانیان و هاتن و چوون بۆ شاره‌كه‌ رابگیرێت.

وەڵامێک بنووسە