هەولێر.. كه‌ره‌نتین له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای سێبیران هه‌ڵگیرا

ئەمڕۆ یەکشەممە، دوای ١٤ رۆژ لە کەرەنتینکردنی کۆمەڵگای سێبیران رۆژئاوای هەولێر، کەرەنتین لەسەر ئەو کۆمەڵگایە ھەڵگیرا و بەڕێوەبەری شارۆچکەی خەبات-یش رایگەیاند کە دوێنێ ئەنجامی ٤٢٠ پشکنین بەنێگەتیڤ دەرچووە.

 

 

بەڕێوەبەری تەندروستیی شارۆچکەی خەبات، دکتۆر ھێرش سەعید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وتی، ”ئەمڕۆ کۆتایی بەکەرەنتینەکردنی کۆمەڵگای سێبیران ھات، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ ئەنجامی ٤۲۰ پشکنین نێگەتیڤ دەرچوو، لەھەمان کاتدا پێشتریش ۳۰۰ پشکنینی دیکە کرا نێگەتیڤ بوون و بە گشتی۷۲۰ پشکنین کراوە بۆ دانیشتوانی کۆمەڵگای سێبیران، بۆیە بڕیاردرا کەرەنتینەکردن ھەڵبگیرێت”.

 

دکتۆر ھێرش سەعید وتیشی، ”لە سەرەتای رۆژانی کەرەنتین ١٠ حاڵەت دەرچوون کە ھەڵگری ڤایرۆسەکەن، یەکێکیان گەڕاوەتەوە ماڵەوە و ئێستاش تووشبووێکی دیکەیان کە ئافرەتێکە پشکنینێکی نێگەتیڤ بووە، ئەگەر پشکنینی ئەمڕۆیشی نێگەتیڤ بێت، ئەوا رەوانەی ماڵەوە دەکرێتەوە، سەرجەم تووشبووەکانی دیکەش باری تەندروستییان باشە”.

 

دکتۆر ھێرش سەعید وتیشی، ”بەھەمان شێوەی سەرجەم شارەکان، چ بڕیارێک بدرێت بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بۆ ئێرەش ھەمان بڕیارە و جێبەجێ دەکرێت، لەئێستاشدا تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی رشاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆسن لە کۆمەڵگاکە”.

 

ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ھەولێر، سەرکەوت کاڕەش وتی، ”ئەمڕۆ وادەی کەرەنتینی کۆمەڵگەی سێبیران تەواو بووە و دوای ئەوە لەسەر فەرمانی پارێزگاری ھەولێر و بەڕێوەبەڕی تەندروستیی ھەولێر ھەموو تیمەکانی ئێمە ھاتوون بۆ رشاندنی کۆمەڵگەکە”.

 

دواتریش بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری، تۆڵە مەھدی خۆشناووتی، ”ماوەی پانزە رۆژە کۆمەڵگەی سێبیران کەرەنتین کراوە و ئێستا پاکە، چونکە دوێنێ ٤/٤/۲۰۲۰ سەد پشکنینی دیکە بۆ کۆمەڵگەکە کراوە تەواوی پشکنینەکان نێگەتیڤ بوون. بۆیە بڕیاردرا کەرەنتینی ئەو کۆمەڵگەیە کۆتایی بێت و ئەمڕۆش بە دژە ڤیرۆس دەڕشێنرێت.

 

رۆژی ١٥ی ئادار حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە سێبیران تۆمارکرا و دواتریش چەند حاڵەتێکی دیکە تۆمارکران و بەمھۆیەوەش کۆمەڵگاکە کەرەنتینکرا و تا ئێستا ١٥ کەس دەرەنجامەکەیان پۆزەتیڤ بووە و ئەوانی دیکە ئەنجامەکەیان نەگەتیڤ بوو.

وەڵامێک بنووسە