هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بڵاوە بە گردبوونەوەی پرسەیەک دەکەن

دوای ئەوەی ئەمڕۆ کەسێکی بەساڵاچوو لە ناحیەی دارەتوو سەربە قەزای دەشتی هەولێر لە پارێزگای هەولێر کۆچی دواییکردووە، ژمارەیەک لە کەسوکاری کۆچکردووەکە ویستوویانە لە مزگەوت نوێژی مردووی لەسەر بکەن. دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتووەنەتە شوێنەکە و بڵاوەیان بە خەڵکەکە کردووە.

 

 

بەپێی گرتەیەک کە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوبووەتەوە، هێزەکانی پۆلیس و زێرەڤانی بڵاوە بە چەند کەسێک دەکەن کە گردبوونەتەوە، هەروەها رێگە لە چەند ئۆتۆمبێلێک دەگرن کە دەیانەوێت یاوەری ئامبوڵانسێک بکەن کە تەرمی هاووڵاتییەکی کۆچکردووی هەڵگرتووە و هێزەکان بڵاوە بە خەڵکەکە دەکەن.

 

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکرایەوە، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆی پرسەیەک لە گەڕەکی کارێزان لە شاری هەولێر تاوەکو ئێستا ٣٢ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)بوون.

 

هەر ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی هەرێم، سامان بەرزنجی ی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە تووشبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد بە هۆی دانانی پرسە لە شاری هەولێر، هاوکات رەخنەی لەو کەسانە گرت کە پرسەکەیان داناوە وتی، “ئەوەی کە کراوە کارێکی نایاسایی و نا تەندروستیی بووە، هەروەها سەرپێچیکردنی رێنماییەکان بووە”.

 

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ٢٣٣ تووشبووە کە لەنێویاندا سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە و ٨٥ نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانەی دیکە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکییدان.

 

حکوومەتی هەرێم بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگه‌یاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە و سینەماكان و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.

وەڵامێک بنووسە