نەتەوە يەكگرتووەكان: كردنە ئامانجى نەخۆشخانەكان لە لايەن رژێمى ئەسەد بە تاوانى جەنگ دادەنرێت

نەتەوە يەكگرتووەكان رايگەياند “كردنە ئامانجى نەخۆشخانەكان” لە لايەن رژێمى ئەسەد و پشتيوانەكانى لە ئيدلب بە رێكەوت نییە و بە تاوانى جەنگ دادەنرێت.

 

 

 

وتەبێژى كۆمیسيۆنى باڵاى مافەكانى مرۆڤ سەر بە نەتەوە يەكگرتووەكان، روبێرت كولڤيل، لە لێدوانێكيدا بۆ پەيامنێرى ئاژانسى ئانادۆڵو، رايگەياند كە دەبێت هێرشەكانى سەر سڤيلەكان، ژێرخانى مەدەنی و دامەزراوە تەندروستييەكان لە ئيدلب هەر يەكە و بەجيا كارى لەسەر بكرێت.

 

سەبارەت بە هێرشەكانى رژێمى ئەسەد و پشتيوانەكانى، كۆلڤيل گوتى: “هەر رووداوێك لە تاوانى جەنگدا بە جيا هەڵدەسەنگێنرێت. گومانى نييە كە پێشتر وەك تاوانى جەنگ كار لەسەر قەيرانى سووريا كراوە. ئەگەرى ئەوەش هەيە كە تاوانى گەورەترى دژ بە مافەكانى مرۆڤ ئەنجامدرابێت و سەلماندنيان ئەستەم بێت”.

 

سەبارەت بە كردنە ئامانجى نەخۆشخانەكان لە ئيدلب لەلايەن پشتيوانەكانى رژێمى ئەسەدەوە، كۆلڤيل وتى: “ئەوەى راستييەكى ئاشكرايە كردنە ئامانجى ئەو نەخۆشخانانە بە رێكەوت نەبووە”.

 

روپێرت كولڤيل، سەرنجى بۆ سەر ژمارەى ئەو نەخۆشخانانە راكێشا كە لەم دواييانەدا لە ئيدلب كراونەتە ئامانج و گوتى: “لە دوايين مانگەكاندا لە ناوچەى ئيدلبدا لە سەرووى ٧٠ نەخۆشخانە كراوەتە ئامانج. مەحاڵە ئەمانە بە رێكەوت بووبێت”.

 

گوتەبێژى كۆمیسيۆنى باڵاى مافەكانى مرۆڤ سەر بە نەتەوە يەكگرتووەكان، روبێرت كولڤيل راشيگەياند كە كردنە ئامانجى هەر نەخۆشخانەيەك تاوانێكە و داواشى كرد كە بۆ هێرشى سەر هەر نەخۆشخانەيەك لێكۆڵينەوەيەكى جياواز دەستپێبكرێت.

وەڵامێک بنووسە