نه‌بی به‌ڕی پێداگرە لەسەرئەوەی حەریری حكوومه‌تی نوێ پێكبهێنێت

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی لوبنان، نه‌بی به‌ڕی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ پێداگره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی وڵاته‌كه‌ی، سه‌عد حه‌ریری كه‌ ده‌ستی له‌ كاركێشاوه‌ته‌وه‌ حكوومه‌تی نوێ پێكبهێنێت.

 

 

به‌ پێی هه‌واڵی كه‌ناڵی NBNی سه‌ربه‌ به‌ڕی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاندووه‌ ”به‌ ڕاستی پێداگرم له‌سه‌ر راسپاردنی حه‌ریری بۆ سه‌رله‌نوێ پێكهێنانه‌وه‌ی حكوومه‌ت، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندنی لوبنانه‌. منیش له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی لوبنانم”.

 

حه‌ریری له‌گه‌ل سه‌رۆکكۆماری وڵاته‌كه‌ی عه‌ونی كۆبووه‌وه‌

 

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، سه‌عد ئه‌لحه‌ریری، سه‌رۆكوه‌زیرانی كاتی له‌ پاش ٢٩ی تشرینی یه‌كه‌م كه‌ ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌ بۆ جاری یه‌كه‌م له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌عبدا له‌گه‌ڵ سه‌ركۆماری وڵاته‌كه‌ی، میشێل عه‌ونی كۆبووه‌وه‌.

 

هاوکات به‌ پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ڕمی لوبنان NNA، حه‌ریری پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كه‌ نیو كاتژمێری خایاند له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ” له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌ركۆماردا تاوتوێی بابه‌تی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێمان كرد و له‌گه‌ڵ گرووپه‌كانی دیكه‌دا به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر راوێژكردن”.

 

 ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی حكوومه‌تیان ناچاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ كرد

 

وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر بڕیارێكی حكوومه‌تدا بۆ سەپاندنی باج بەسەر تۆڕی پەیوەندی كۆمەڵایەتی وەتسئەپ، لوبنانیه‌كان له‌ ١٧ی تشرینی یه‌كه‌مدا ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرد.

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌زیری په‌یوه‌ندی لوبنان، محه‌مه‌د شوقه‌یر رایگه‌یاند كه‌ له‌ بڕیاری سه‌پاندنی باج له‌سه‌ر وه‌تسئه‌پ پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ هه‌موو شوێنێكی گرتووه‌ته‌وه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌.

 

سه‌رۆكوه‌زیرانی لوبنان حه‌ریری، له‌ ٢١ی تشرینی یه‌كه‌مدا چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد بۆ سوككردنی قه‌یرانی ئابووریی وڵات، به‌ڵام ئه‌و بڕیارانه‌ نه‌بوونه‌ هۆی راگرتنی خۆپیشاندانه‌كان و، له‌ به‌یروتی پایته‌خت لایه‌نگرانی حزبوڵڵا و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل چه‌ندین جار په‌له‌ماری خۆپیشانده‌رانیان دا.

 

به‌ هۆی به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كان، حەریری له‌ ٢٩ی تشرینی یه‌كه‌مدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ”گه‌شتووه‌ته‌ باوه‌ڕی ئه‌وه‌ی دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی نوێ ده‌ستكه‌وته‌كانی لوبنانیه‌كان ده‌پارێزێت” و دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشكه‌ش به‌ سه‌ركۆماری وڵاته‌كه‌ی عه‌ونی كرد.

 

لای خۆیه‌وه‌ عه‌ونی داوای له‌ حه‌ریری كرد كه‌ ده‌ستی له‌ كاركێشایه‌وه‌ تا دامه‌زراندنی حكوومه‌تی نوێ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ی.

وەڵامێک بنووسە