نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ كۆده‌بێته‌وه‌

ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاندوە، “بەرێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ داوه‌تێكى فه‌رمى به‌شدارى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووريى جيهانيى داڤۆسدا ده‌كات كه‌ ڕۆژانى ٢١ تا ٢٤ى ئه‌م مانگه‌ له‌ يادى په‌نجا ساڵه‌ى دامه‌زراندنيدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تيايدا به‌ ناونيشانى لەپێناو جیھانێکی یەکگرتووی گەشەسەندووی بەردەوامدا، تيشك ده‌خرێته‌ سه‌ر پرسه‌ جيهانييه‌كانى تايبه‌ت به‌ ئابوورى و سياسه‌ت و ئاسايش و سه‌قامگيرى”.

 

 

 

ئاماژە بەوەشکراوە، “له‌ ميانى به‌شداريكردنيدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا و ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێز، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ژماره‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و وه‌زيران و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان كۆده‌بێته‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و سياسه‌ت و هه‌ڵوێستى هه‌رێم و گۆڕينه‌وه‌ى بيروڕا ده‌رباره‌ى پرسه‌ هه‌رێمى و جيهانييه‌كان تاوتوێ ده‌كرێن”.

 

سەرۆکایەتی هەرێم راشیگەیاندوە، “هه‌ر له‌ ميانى به‌شداريكردنيدا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانی له‌ دانیشتنێکی داڤۆسدا به‌ ناونيشانى “ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ناسه‌قامگير” قسه‌ ده‌کات. تيايدا لێكه‌وته‌ درێژخايه‌نه‌كانى ئاڵۆزى و پشێوييه‌‌ به‌رده‌وامه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست‌ كه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى ترس و نيگه‌رانييه‌كى گه‌وره‌ى جيهانى و ناوچه‌يى باس ده‌كرێن و تيشك ده‌خرێته‌ سه‌ر كاريگه‌ريى ستراتيژيى قه‌يرانى ئێستا له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگيرى له‌ كه‌نداو، عێراق و سووريا”.

وەڵامێک بنووسە