لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی بەسڕە خۆپیشاندەران گردبوونەوە

دەیان خۆپیشاندەر لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای بەسڕە باشووری عێراق گردبوونەوە، هاوکات دەسەڵاتدارانی عێراق قەدەغەی هاتوچۆیان لە قەزای غەڕاف سەر بە پارێزگای زیقار راگەیاند.

 

 

 

خۆپیشانده‌ر مەهدی عەبد حوسێن، لە پارێزگای بەسڕە بە میدیاکانی راگەیاند، دەیان خۆپیشاندەر ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەردەم باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی بەسڕە گردبوونەوە.

بە گوتەی مەهدی عەبد حوسێن، خۆپیشاندەران بڕیاریانداوە رێگەنەدەن بە کردنەوەی دەرگای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی بەسڕە تا ئەو کاتەی حکوومەت وەڵامی سەرجەم داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دەداتەوە.

عەبد حوسێن روونی کردەوە کە خۆپیشاندەرانی عێراق داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەت و دوورخستنەوەی ئەو حزبە سیاسییە “گەندەڵ”انە دەکەن کە ماوەی ١٦ ساڵە ئەم وڵاتە تاڵان دەکەن.

وەک ئەو خۆپیشاندەرە رایگەیاند، ناڕەزایەتییەکان تا دێت فراوانتر دەبێت و چین و توێژی زیاتر دێنە ریزی خۆپیشاندەران، بەتایبەت دوای ئەوەی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، عەلی سیستانی پاڵپستیی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکان راگەیاند.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوه‌ تا ئێستا خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بەڕێودەچێت و بەپێی دوایین ئامار که‌ کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ژمارەی ئەو کەسانەی لە میانی خۆپیشاندانەکاندا بوونەتە قوربانی، زیاتره‌ لە ٣٣٥ کوژراو و ١٥ هەزار بریندار.

وەڵامێک بنووسە