لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا: قەدەغەی هاتووچۆی ٤٨ کاتژمێر تا ئەمشەو کاتژمێر ١٢ دەبێت

لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤارۆسی کۆڕۆنا بڕیاریدا قەدەغەی هاتووچۆی تەواو کە بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر دیاریکرابوو تا ١٢ی ئەم شەو بەردەوام بێت. 

ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٠، لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی ئۆنلاین کۆبوونەوە.

 

هاوکات لە میانی کۆبوونەوەکە باس لە دوا رێکار و ئامادەکارییەکانی قۆناغی داھاتووی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا كرا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هەروەها هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان، کرا.

شایەنی باسە جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ستایشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارە جێبەجێكارەكانی پلانی پاراستنی ھاوڵاتیانی لە‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد، ھە‌روە‌ھا سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد لە‌بە‌ر پابە‌ند بوونیان بە‌ رێنماییە‌كان و ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا؛ كە‌ ئەركی حكومە‌تە‌ پێش ھە‌موو شتێك ژیانی ھاوڵاتیانی ‌بپارێزێت، و ئە‌م پلانانە‌ی حكومە‌تیش هەر بۆ ئە‌و مە‌بە‌ست و ئامانجەیە.

دواتر وەزیری تەندرووستی راپۆرتێکی لەبارەی دواپێشهاتەکانی بڵاو بوونەوە و ئامارەکانی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستانی عێراق پێشکەش کردووە، هەروەها ئاماژەی بە پلانەکانی وەزارەتی تەندروستی كرد بۆ قۆناغەی داهاتوو و پێداویستییەکانی خستەڕوو بۆ ئەوەی پلانەکانیان بە باشترین شێواز جێبەجێ بکەن.
پاش گفتوگۆیەکی وورد لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئە‌م بڕیارانە دران:

١.  بەردەوام بوونی بڕیاری پێشووی قەدەغەکردنی هاتووچۆی تەواو بۆ ٤٨ سەعات وەک ئێستا تاوەکو کاتژمێر ١٢ ی ئەمشەو.

٢.  بۆ ڕێکخستنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ کە تا ١٠-٤-٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت ڕاگەیاندراوی نوێ لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ وپارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەردەچێت بۆ دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی ھاولاتیان لە ڕێگای ڕێکاری نوێ و دیارکردنی کات وشێوازی کارکردنیان بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانی خۆپارێزیی وتایبەتمەندیی یەکە کارگێڕییەکان بەو شێوەیەی لە لایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆ لە کۆبونەوەکەدا خرایە ڕوو

 

٣.  کاتێک دیاری بکرێت بۆ رێزگرتن لە فەرمانبەران و کارمەندانی ماندوونەناس کە خزمەتی هاوڵاتییان دەکەن و ژیانیان دەپارێزن، دواتر شێوازی رێزگرتنەکە دیاری دەکرێت.

٤.  سوپاسی هاوڵاتیان دەکرێت لەپای پابەندبوونیان بە رێنماییەکان، هەروەها ستایشی وەزارەت و کارمەندانی جێبەجێکاری بڕیارەکان کرا.

٥.  وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی رێکار و رێنماییەکان، راسپێردران کە راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغەکانی داهاتوو، بە ڕچاوکردنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان.

٦.  وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی پەلاماردانی پزیشكێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی لەو حاڵەتە بگیرێتە بەر.

وەڵامێک بنووسە