كۆسرەت رەسوڵ پیرۆزبایی لە سەڵاحەدین بەهائەدین کرد

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبای كۆنگرەی هەشتەم و هەڵبژاردنەوەی بە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سەڵاحەدین بەهائەدین دەكات.

 

 



‎كۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بروسكەیەكی پیرۆزبایدا كە بۆ ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ناردووە دەڵێت” بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەشتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و هەڵبژاردنەوەی جەنابتان وەك ئەمینداری گشتی حزب، بەناوی خۆم و هەڤاڵانم لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندامانی هەڵبژێردراوی سەركردایەتی دەكەم”.

 

‎راشیگەیاندووە” لە ڕابردوودا، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هێزێكی سیاسی میانڕەو لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان ڕۆڵی دیارو بەرچاوی هەبووەو هەمیشە بەشێك بووە لە چارەسەر بۆ كێشەو قەیرانەكان، هیواخوازم كۆنگرەی هەشتەم و ڕاسپاردەكانی درێژكراوەی هەمان سیاسەت بێ و هەموومان لەهێزو لایەنە سیاسییەكان بتوانین پێكەوە هەنگاو بنێین بۆ خزمەتی كوردستان”.

 

‎كۆسرەت رەسوڵ ئەوەشی خستۆتەروو” ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی نێوانمان بكەینەوەو هاوكارو هەماهەنگ بین لەپێناو بەدەستهێنانی مافی زیاتر بۆ گەلەكەمان”.

 

‎لەكۆتایدا سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە” جارێكی تر سەركەوتنی كارەكانی هەشتەمین كۆنگرە لە جەنابت و تەواوی ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پیرۆز دەكەم”.

وەڵامێک بنووسە