قەدەغەی هاتوچۆ لە پارێزگاکانی هەرێم دەبێتەوە پرسی رۆژەڤ

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، وەزارەتەكەیان بۆ تاوتوێكردنی پێشنیازی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، كۆدەبێتەوە.

 

 

ئاسۆ حەوێزی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ووتی، “لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستیدا بڕیاری پێویست لەبارەی پێشنیازی بەشێك لە پارێزگارەكان دەدرێت سەبارەت بە رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ”.

 

وتیشی، داخستنی دەرگای قوتابخانەكان كاریگەری زۆر باشی هەبووە لەسەر كەمبوونەوەی ریژەی توشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێمداو ئاماژەی بەوەكرد، “لە ئێستادا رەوشی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا باشە. بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە دۆخی ئەو نەخۆشانەیە كە لە نەخۆشخانەكان لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان و لە دۆخێكی خراپدان”.

 

بەپێی دوایین ئامارەكان، تا ئێستا ٨٩ هەزار و ٦٠٠ كەس لە هەرێمدا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٥٥ هەزار و ٢٨٢ كەسیان چاكبوونەتەوە و دوو هەزار و ٨٤٣ كەسیش گیانیان لەدەستداوە.