عێراق.. ناوچەی سەوز لە بەغداد بەڕووی هاتوچۆدا دەکرێتەوە

حکوومەتی عێراق بڕیاریدا ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بۆ ماوەیەکی دیارییکراو بەڕووی هاتوچۆدا بکاتەوە.

 

 

سکرتێری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق، محەمەد بەیاتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، رۆژانە کاتژمێر شەشی بەیانی تاوەکو ١٠ی بەیانی و لە کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆوە تاوەکو پێنجی ئێوارە بەڕووی هاتوچۆدا بکرێتەوە.

 

بەیاتی وتیشی: “ئەم رێککارە بەردەوام دەبێت تاوەکو لە ئایندەیەکی نزیکدا بەتەواوی بەڕووی هاتوچۆدا دەکرێتەوە”.

 

ناوچەی سەوز لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بەچڕیی پاسەوانی دەکرێت و ناوچەیەکی ھەستیارە لە ناوەڕاستی بەغداد، باڵەخانەکانی حکوومەت، پەرلەمان، ماڵی بەرپرسان و باڵیۆزخانە بیانییەکان دەکەونە ئەم ناوچەیەوە.

لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا چەندینجار ئەم ناوچەیە بە مووشەک کراوەتە ئامانج.

 

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانه‌وه‌ لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له‌ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، ٥٠٤ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزار كه‌س لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

وەڵامێک بنووسە