عێراق ئەو قوتابییە ئێرانییەی کە تووشی کۆرۆنای ببوو دیپۆرتی تاران کردەوە

دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاند، ئەو قوتابییە ئێرانییەیەی کە هەڵگری ڤایرۆرسی کۆرۆنا بوو، دیپۆرتی تاران کراوەتەوە.

 

 

فەرمانگەی تەندروستی نەجەف لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە، ئەو قوتابییە ئێرانییەکەی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، دوای دوو رۆژ قەرەنتیکردنی لە نەخۆشخانەی گشتیی ئەلحەکیم لە نەجەف، دیپۆرتی تاران کرایەوە.

 

لە راگەیەنراوەکەی فەرمانگەی تەندروستی نەجەفدا ئەو روونکراوەتەوە کە ناردنەوەی ئەو قوتابییە بۆ تاران دوای رێکەوتن و هەماهەنگی بووە لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و کۆنسوڵخانەی ئێران لە نەجەف و ئەو کارەش بە رەزامەندی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەنجامدراوە.

 

ئاماژە بەوەشدراوە کە قوتابییەکە لە رێگەی وشکانی و بە ئامبوڵانسێک کە سەرجەم پێدوایستییەکانی تایبەت بەو بوارەی بۆ دابینکراوە، رەوانەی تاران کراوەتەوە.

 

ئەم قوتابییە ئێرانییە یەکەم حاڵەتی تۆمارکردنی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو لە عێراق، دوای ئەوەی ئەمڕۆ تۆمارکردنی چوار حاڵەتی دیکە لە شاری کەرکووک راگەیەنرا.

وەڵامێک بنووسە