رۆحانی: سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەچێت

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، لەئێستادا سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەچێت، ئەو ترس و نیگەرانیانەی کە دەربارەی بڵاودەکرێتەوە زیاترە لە مەترسییە راستییەکەی.

 

 

حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران لەمیانەی پێشوازیکردن بە ئەلێکسەندەر شانبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا رایگەیاند، “سزا سەپێنراوەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا  بۆ سەر ئێران لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەچێت، ئەو ترس و نیگەرانیانەی کە دەربارەی بڵاودەکرێتەوە زیاترە لە مەترسییە راستییەکەی”.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ بنەمای متمانەیە لە نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوادا، تا ئێستاش تاران لەو باوەڕەدایە کە دەتوانرێت پارێزگاری لە رێککەوتننامەکە بکرێت.

 

رۆحانی باسی لەوەشکرد، هۆکاری سەرەکی کێشەکانی ناوچەکە “دەستێوەردانی هەڵەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە بەشێوەیەکی نایاسایی”.

بەیانی ئەمڕۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، دوژمنانی وڵاتەکەی پرسی کۆرۆنا و مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسەیان لە دژی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی وڵاتەکەی بەکارهێناوە.

ئەوەشی خستەڕو، دوژمنانی ئێران بەگەورەکردنی مەترسییەکانی بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا و ترساندنی خەڵک،  کێشەیان بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی رۆژی هەینی ئێران دروستکردوە و رێگربون لەوەی خەڵکی بەشداری زۆریان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبێت.

وەڵامێک بنووسە