‘دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق په‌یوه‌ستە به‌ شیعه‌كان’

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ رایگەیاند، ”له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای عێراق، ئێمه‌ نابێت لە پەراوێزی كاركردندابین و نابێت دووربین لەو بڕیارانەی ئێستا دەدرێن، چونکە قۆناغێكی ھەستارە و دەبێت ھەوڵبدەین و رێگا نەدەین دەستکەوتەکانمان لەدەست بچێت”.

 

لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا مه‌حمود محه‌مه‌د، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ بۆ عێراق دەڵێت، ”لە راستیدا وڵاتێک کە بە سەقەتی دروستکرابێت، ئاڵۆزییەکانی بەئاسانی چارەسەر ناكرێن، چونکە ئه‌م سه‌قه‌تییه‌ لە بابەتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی رەنگیداوەتەوە، ئەم وڵاتەش لە بنەڕەتدا وابووه‌ و چارەسەرەکانیش بنەڕەتی نین، ھەموو مێژووی عێراق سه‌یربكه‌ین دەبینین ناوە ناوه‌ شەڕ و ئاڵۆزی و کێشەی دەولی ھەبووە، بۆیەش سەقامگیر نەبووە، دەبینین كه‌ عێراق به‌راورد به‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو لە رووی کۆمەڵایه‌تی، سیاسی، كارگێڕی و زانسیتیەوە لە دواوەیە، چونکە ھەرچی توانای ئەو خەڵکە ھەبووە لە بەرەنگاربوونه‌وه‌ی یەکتر خەرجکراوە، ئەم وڵاتە لەجیاتی ئەوەی بونیادبنرێت، لێک ھەڵوەشاوەتەوە”.

 

هاوکات وته‌بێژ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتیشی، ”له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای عێراق، ئێمه‌ نابێت لە پەراوێزی كاركردندابین و نابێت دووربین لەو بڕیارانەی ئێستا دەدرێن، چونکە قۆناغێكی ھەستارە و دەبێت ھەوڵبدەین و رێگا نەدەین دەستکەوتەکانمان لەدەست بچێت”.

 

مه‌حمود محه‌مه‌د لەبارەی ئەوەی کە ھەفتەی رابردوو چەند سەرکردەیەکی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە وتی، ”ھاتوچۆ و گفتوگۆ و یەکتربینین ھەر ئەوە نییە كە باس دەکرێت، بۆیە ئەم ترافكه‌ زۆرە و ھەمووش له‌وه‌وە سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ چۆن چارەسەری بارودۆخەکە بکەین، لەڕاستیدا دیاریکردنی کەسێک بۆ جێگرەوەی سه‌رۆكوه‌زیرانی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ لایه‌نه‌کانی شیعه‌وه‌، گفتوگۆكانیش هه‌ر ئەوەیە، لەوانەیە ھەموو کەس شان نەداتە بەر ئەو کێشانەی کە له‌ عێراق ھەیە، دەمێنێتەوە سەر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ئەو کەسانەیشی کە داواکارن و ھاتوونەتە سەر شەقام”.

 

وته‌بێژ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی بوونی ڤیتۆ لەلایەن كورد له‌سه‌ر كه‌سێكی دیاریكراوه‌ بۆ پۆپستی سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتووی عێراق وتی، ”تا ئێستا نەمانزانیووە کەسێک دەستنیشانکرابێت تا ڤیتۆمان لەسەر ھەبێت، چونكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هیچ ناوێك دیاریی نه‌كراوه‌”.

وەڵامێک بنووسە