خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی عێراق دەیان کوژراو بریندرای لێکەوتەوە

لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق، کەسێک کوژرا و ١٧ ی دیکە برینداربوون.

 

 

سەرچاوەیەک لە تیمە تەندروستییە گەڕۆکەکانی گۆڕەپانی تەحریر رایگەیاند، کەسێک بەهۆی بەرکەوتنی گوللـە بەسەری کوژرا و ١٧ی دیکە بە گوللـە و بۆمبی فرمێسکڕێژ برینداربوون.

 

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، قوربانییەکان لە گۆڕەپانی خەللانی نزیک گۆڕەپانی تەحریر کەوتوونەتەوە.

 

چەند شاهێد حاڵێک رایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکان گوللـەی راستەقینە و گازی فرمێسکڕێژیان بە رووی خۆپیشاندەراندا تەقاند.

 

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و بەگوتەی سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانه‌وه‌ لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له‌ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، زیاتر لە ٦٠٠ کەس کوژراون.

 

لای خۆیەوە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاندبوو، لە میانی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له‌ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، لانیکەم ٤٦٧ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە نۆ هەزاری دیکە برینداربوون.

وەڵامێک بنووسە