حەشدی شەعبی: ئەمریکا بەرپرسە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاکانمان

ئەبو مەهدی موهەندیس، یاریدەدەری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەرپرسیارە لە هێرشەکانی ئیسرائیڵ بۆ سەر بارەگاکانیان.

 

 

یاریدەدەری سەرۆکی دەستەی حەشد رایگەیاند، ئەمریکا بەبەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر هێرش بۆسەر بنکە و بارەگاکانیان و دەڵێت، ٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە سەر ئاسمانی ئازەربایجانەوە هاتوونەتە عێراق.

 

موهەندیس ئاماژەی بەوەداوە کە تاکە بەرپرسیاری هێرشەکانی ١٩ی تەمموز بۆسەر بنکەکانی حەشدی شەعبی هێزەکانی ئەمریکایە. موهەندیس رایگەیاندووە کە لەمڕۆوە دیسان ئەمریکا بەرپرسە لە رووداوەکانی بۆ لەمەودوا.

 

هاوکات ناوبراو هۆشداری ئەوەشی دا کە هیچ بژاردەیەکی تریان نەماوەتەوە لەوەی بۆ پاراستنی خۆیان و بنکەکانیان جگە لەو چەکانەی لەبەردەستیاندایە، ئەگەر هەیە چەکی پێشکەوتوو بەکاربهێنن.

 

موهەندیس دەنگۆی ئەوەی بڵاو کردەوە کە ٤ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی لەسەر ئاسمانی ئازەربایجانەوە هاتوونەتە بنکەی ئەمریکا لەعێراق لەمساڵدا و ئاشکرای کرد کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە بارەگا سەربازییە عێراقییەکانەوە فڕیون.

 

لە ١٩ی تەمموز بۆ ٢٠ی ئاب هێرشی ئاسمانی کرابوویە سەر کۆگاکانی چەکی حەشدی شەعبی لە بنکەکانی شوهەدا، ئەشرەف، ساقر و بەلەد.

 

رۆژنامەی شەرقوڵئەوسەت پشتبەستوو بە سەرچاوە دیپلۆماتییە رۆژئاواییەکان بڵاوی کردبوویەوە کە ئیدارەی تەلئەبیب، بە رەزامەندی ئەمریکا و رووسیا بۆردومانی کۆگاکانی مووشەک و چەکی ئێران دەکات لە عێراق.

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو رۆژی رابردوو لەلێدوانێکدا لە کییڤ-ی پایتەختی ئۆکرانیا وەک ئاماژە باسی لەوە کرد کە مانگی رابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە ئامانجە سەربازییەکانی ئێران لە عێراق پێکراون و وتی، “ئێران لەهیچ شوێنێک پارێزراو نییە” و وەک ئاماژەیەک باسی لەوە کرد کە سوپای ئیسرائیل لەپشت ئەو هێرشانەوە بووە کە لە مانگی تەمموزدا ئەنجام دراوە.

وەڵامێک بنووسە