حکوومەتی هەرێم داواکارییەک لە کونسوڵخانەی وڵاتان دەکات

جووتیار عادل، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، “ئێمە پەیامی حکوومەتمان گەیاندە کۆنسولخانەکان سەبارەت بە ئەگەری رووتێکردنی پەنابەرەکان لە سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستان لەبەر ئەو شەڕەی کە لە سووریا هەیە”.

 

 

بەسەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان عێراق و بە بەشداری سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و ژمارەیەک لە کۆنسول و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

 

هاوکات دوای کۆبوونەوەکە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: “ئێمە پەیامی حکوومەتمان گەیاندە کۆنسولخانەکان سەبارەت بە ئەگەری رووتێکردنی پەنابەرەکان لە سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستان لەبەر ئەو شەڕەی کە لە سووریا هەیە و، سەبارەت بەو ئامادەکارییانەی کە پێویستە لە رووی مرۆیی پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی بکرێت و پێمان باش بوو کە کۆنسولخانەکان هاوکاربن و پەیامی حکوومەت بە روونی بگاتە ئەوان”.

 

شایەنی باسە جووتیار عادل وتیشی، “کۆنسولخانەکان ئەم داواکارییانە ئاراستەی وڵاتەکانییان دەکەن و وەڵامی ئێمە دەدەنەوە، ئێمە وەکو حکوومەت تا توانامان هەبێت هاوکاریی ئاوارە و پەنابەرەکان دەکەین و پێویستییەکانییان دابین دەکەین، بەڵام توانای ئێمەش سنووردارە، بۆیەش داوا لە هەموو لایەک دەکەین هاوکابن”.

 

هەروەها لەبارەی پێشبینییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە سووریاوە دێنە هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل گوتی: “تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ خێزان هاتوون و بەپێی پێویست هاوکاریمان کردوون و بەپێی پێشبینی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئێمەش پێشبینی دەکەین کە ٥٠ هەزار تا ٢٥٠ هەزار کەس لە سووریاوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بن و یەکێک لە ئامانجەکانی دانیشتنەکەش ئەوە بوو کە ئەو زانیارییانە بدەینە وڵاتان”.

 

جێگای ئاماژەیە سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، جووتیار عادل وتی، “هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان ئامادەکارییان کردووە، بەڵام ئێمە فشارێکی گەورەمان لەسەرە و ئامادەیشین لە قووتی خۆمان بدەینە پەنابەرەکان، بەڵام داوای هاوکاریشمان لە وڵاتان کردووە و پێشبینیش دەکەین وەڵامێکی ئەرێنی بۆ داواکارییەکەمان هەبێت”.

 

لە لایەکی دیکەوە ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی گفتوگۆیان کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و راشیگەیاند کە لەمبارەیەوە پلانێکیان داناوە.

وەڵامێک بنووسە