ترەمپ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە “درۆزن” ناودەبات

سەرۆکی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و دەڵێت، “واشنتۆن پۆستی درۆزن، بەپشتبەستن بە سەرچاوەیەک “نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت” ھەواڵێکی نادروست بڵاودەکاتەوە، سەرچاوەیەکی لەوشێوەیە ھیچ بوونی نییە. وەزارەتی داد رایگەیاند کە ھیچ کێشەیەک لە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا نییە. ئێمە ئازادی رۆژنامەوانیمان نییە”.

 

لە بڵاوکراوەیەکی تۆری کۆمەڵایەتی تویتەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە توندی ناڕەزایەتی دەربڕی سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە لەسەرکارلادانی و رۆژەڤی سەرەکی میدیا.

هاوکات ترەمپ لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیاندا بە چەند تویتێک ناڕەزایەتی نیشاندا لە ھەمبەر ھەواڵێکی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست کە دوێنێ شەو بڵاویکردۆتەوە و باس لە دەنگۆی ئەوە دەکات کە داوای لە وەزیری داد، ولیام بار کردووە لە رێگەی پرێس کۆنفرانسێکەوە بێتاوانی ترەمپ رابگەیەنێت لە لێکۆڵینەوەکانی لەسەرکارلادانی.

شایەنی باسە سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەو بەڵگانە بخوێننەوە کە لەسەر گفتوگۆکانی ئۆکرانیا بڵاوکراوەتەوە و وتی، “واشنتۆن پۆستی درۆزن، بەپشت بەستن بە سەرچاوەیەک “نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت” ھەواڵێکی نادروست بڵاودەکاتەوە، سەرچاوەیەکی لەوشێوەیە ھیچ بوونی نییە. وەزارەتی داد رایگەیاند کە ھیچ کێشەیەک لە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا نییە. ئێمە ئازادی رۆژنامەوانیمان نییە”.

ترەمپ، ھەواڵەکەی واشنتۆن پۆستی بە “دروستکراو” ناوبرد و رایگەیاند کە ھیچ کاتێک داوای لە وەزیری داد نەکردوە بچێت پرێس کۆنفرانس ئەنجام بدات.

سەرۆکی ئەمریکا، لە تویتێکیدا نووسیویەتی ، پاڵپشت بەو زانیارییانەی کە دوێنێ شەو لەسەر پارێزەری پەیامنێرە ساختەکان بڵاوکراوەتەوە، پێویستە بە زووترین کات کۆتایی بە ساختەکاریی لەسەرکارلابردنی بھێندرێت.

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، لە تویتەکانیدا باسی جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، جۆ بایدن لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ و کوڕەکەی، ھەنتەر بایدن کردووە و نووسیویەتی، “سیناتۆری کۆمارییەکان جۆن کەنەدی گوتوویەتی ‘ھەنتەر بایدن چی کردوە بۆ ئەوەی پارە قازانج بکات؟’. پرسیارێکی زۆر باشە. دەبێت ھەنتەر و جۆی خەوخۆش لە کۆنگرێسدا گوتەیان لێوەربگیرێت”.

وەڵامێک بنووسە