“بەهۆی جەنگەوە ٢ میلۆن ئافرەت لە یەمەن ئاوارەبوونە”

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حکوومەتی یەمەن دەڵێت، “بەهۆی جەنگەوە لە وڵاتەكەمان، دوو ملیۆن ئافرەت ئاوارەبوون”.

 

لەمیانی کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ نیشتەجێبوون و گەشەپێدان لە شاری نایرۆبی پایتەختی کینیا ئیبتیهاج کەماڵ، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی یەمەن ئاماژەی بەوەدا کە بە هۆی ئەو جەنگەی كە ماوەی پێنج ساڵە لە وڵاتەكەیدا هەڵگیرساوە، دوو ملیۆن ئافرەت ئاوەربوون.

 

هاوکات ئیبتیهاج كەمال وتەیەكی پێشكەش كرد و رایگەیاند لە میانی پێنج ساڵەدا بەهۆی ئەو جەنگەی كە میلیشیاكانی حووسی لە یەمەن هەڵیانگرساندووە، بەشێوەیەكی بەرچاو نەهامەتی ئافرەتی زیادكردووە و هەر بەهۆی جەنگەكەوە تا ئێستا دوو ملیۆن ئافرەت ئاوارەبوون.

 

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حکوومەتی یەمەن ئەوەشی وت، “هەر بەهۆی جەنگەوە، یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئافرەتی دووگیان لە خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی بێ بەشبوون”.

 

لەلایەکی دیکەوە ئیبتیهاج كەمال ئەوەشی خستەڕوو كە لە ناوچەكانی ژێركۆنتڕۆڵی حووسییەكان لە یەمەن، ئافرەتان رووبەڕووی كوشتن و زیندانیكردن و ئاوارەبوون بوونەتەوە و تەنانەت دەستیان ناگات بە خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی و فێركردن.

 

لە كۆتاییدا ناوبراو داوای لە رێكخراوە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان كرد ئیدانەی ئەو ستەمە بكەن كە ئافرەتان لە ناوچەكانی ژێركۆنتڕۆڵی حووسییەكان رووبەڕووی بوونەتەوە.

 

حووسییەكان لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤ ەوە دەسەڵاتيیان بەسەر شاری سەنعا پایتەختی یەمەن سەپاندووە، پێش ئەوەی دەسەڵاتیان بەسەر چەندین پارێزگاری تری وڵاتەكەدا فراوان بكەن.

 

لەبەرامبەردا ھاوپەیمانی سەربازی عەرەبی بەسەرۆكایەتی سعوودیە، لە مانگی ئاداری ٢٠١٥ ەوە لە یەمەن پشتیوانی ھێزەكانی حكوومەت دەكات لە رووبەڕووبوونەوەی حووسییەكان، بەردەوامی ئەو دۆخەش قەیرانێكی گەورەی مرۆیی لەو وڵاتەدا بەدوای خۆیدا ھێناوە كە بەخراپترین دۆخ لە جیھاندا دادەنرێت.

وەڵامێک بنووسە