بەشیر حەداد: تا ئێستا وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ پێدانی متمانە دیاری نەکراوە

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کارنامەی حکوومەتی داهاتووی عێراق رۆژی شەممە گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران و لە رێگەی ئیمەیلە بۆ گشت ئەندامانی ئەنجوومەنەکە نێردراو.
لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەشیرحەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد کە لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی یەکێک لە جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران پێکدەهێنرێت بۆ دیراسەکردنی کارنامەکە و ئامادەکردنی راپۆرتێک لەبارەیەوە وپێشکەشکردنی بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەر لە دەنگدان لەسەری.

 

هاوکات بەشیر حەداد لەبارەی دیاریکردنی وادەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پێدانی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت رایگەیاند، تا ئێستا وادەی دانیشتنەکە دیارینەکراوە لەبەر ئەوەی ناوی کاندید و سیڤەکانیان بەدەستمان نەگەیشتووە، هەر کاتێک سیڤی کاندیدی وەزیرەکان پێمان بگات، دوای دیرسەکردنی سیڤییەکان، کۆپییەک بۆ ئەندامانی پەرلەمان دەنێرین، دوای ئەوە وادەی دانیشتنی تایبەت بەپێدانی متمانە بە کابینەی حکوومەت دیاریدەکەین.

 

لەلایەکی دیکەوە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پێدانی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەمان دیارینەکردووە بەوەی دانیشتنێکی ئاسایی دەبێت بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان و لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت یان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس یانیش دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وادە و شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتەکەمان دیارینەکردووە و لەکاتی خۆیدا رایدەگەیەنین.

 

رۆژی ١٧ی ئاداری رابردوو، سەرۆککۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح پارێزگاری پێشووی نەجەف و سەرکردە لە هاوپەیمانی نەسڕ، عەدنان زورفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپارد.

وەڵامێک بنووسە