بەرنامەی کورت و پوخت لەگەڵ عەلی عەنتەر

بەرنامەی کورت و پوخت وەک مانگەکانی پێشوو بە میوانداری کەسایەتی جیاواز و تاوتوێکردنی پرسی جیاواز بۆ ئێوەی خوێنەری ئازیز ئامادە کرا. لەم ژمارەیەی هەفتەنامەکەماندا بەرنامەکانمان لەگەڵ فیکرەت تەرزیباشی، سیاسەتمەداری ناوداری تورکمان و رۆمیۆ هەکاری، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق بۆ ئێوە دارشت.

 

 

فیکرەت تەرزیباشی، مامۆستا و کەسایەتییەکی سیاسی بە ئەزموونی دۆزی تورکمانی لەبارەی رابردووی خۆی لە دۆزی تورکمان و دۆخی ئێستای سیاسی هەڵسەنگاندنی بۆ کردین.

 

“مێژوومان زۆر گەورەیە و هیچ کاتێک شەرمەزاری نەکردووین”

 

تەرزیباشی لەبارەی سەرەتای دەستپێکردنی بە کارکردن بۆ دۆزی تورکمانی رایگەیاند، “لە کۆتا رۆژەکانی ساڵی ١٩٧٤ ئۆجاغی برایەتی تورکمان دامەزرا. ئێمەش لە یەکەم رۆژەوە لەوێ بووینە رێبواری ئەم رێگایە و بەردەوام بووین. دواتر لە ساڵی ١٩٩٥ بەرەی تورکمانی عێراقی دامەزرا. ئێمەش لە نووسینگە جیاوازەکانی بەرەی تورکمانی وەکو (راگەیاندن، پەروەردەیی و سەرۆکایەتی بەرەی تورکمانی) ئەرکی جۆراوجۆرمان بەجێگەیاند. لە نووسینگەی پەروەردەییمان، ئامادەیی مامۆستایانی کچ و ئامادەیی مامۆستایانی کوڕ و پەیمانگامان هەبوو. لە ئامادەیی مامۆستایانی کچ دەرچووان ئەرکی قوتابخانە تورکمانییەکانیان لە ئەستۆ گرت. دواتر لە سەرۆکایەتی بەرەی تورکمانی عێراقی ئەرکم پێسپێردرا. بوومە جێگری هەماهەنگیکاری بەرەی تورکمانی عێراقی. کۆمەڵێک خولمان کردەوە و چەندین کەسمان پێگەیاند بۆ قوتابخانەکانمان. هەروەها لە گۆڤاری قارداشلق و تورکمانئێلی نووسینەکانم بڵاوبوونەوە”.

 

کاتێک کۆنگرەی مەزنی تورکمان ئەنجامدرا، ٧ی تشرینی یەکەم وەکو جەژنی نەتەوەیی تورکمان دیاری کرا. ئەو رۆژە لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسی تورکمان قبوڵکراوە و ساڵانە یادی دەکرێتەوە، لە هەمانکاتدا هەندێک لایەنی سیاسی دیکەی تورکمان ئەم رۆژە قبوڵ ناکەن. تەرزیباشی وەکو کەسایەتییەکی بەشدار لەو رۆژانە، لەبارەی دیاریکردنی ئەو رۆژە بەم جۆرە روونکردنەوەی دا:

 

“بێگومان ٧ی تشرینی یەکەم رۆژێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. ئەو رۆژە لەمیانی کۆنگرە مەزنەکەی نێوان رۆژانی ٣-٧ی تشرینی یەکەم وەکو جەژنی نەتەوەیی تورکمان دیاری کراوە. هەموو پارتەکان، دامودەزگاکانی تورکمان بەشدارییان لەم کۆنگرەیە کرد. ئەگەر بمانەوێت ئاماژە بەو کۆنگرەیە بکەین، کۆنگرەیەک بوو کە بە ئیرادەی خودی گەلی تورکمان ئەنجام درا و بە باشترین شێوە بەڕێوەچوو. وەک ئاشکرایە لەو سەردەمەدا دامەزراندنی پارتی سیاسی و بزووتنەوەی سیاسی قەدەغە بوو. بەڵام ئەوە یەکەم کۆنگرەبوو کە لەژێر ناونیشانی تورکمان بەسترا. ئەو کۆنگرەیە کە لەژێر ناونیشانی هیچ پارتێکی سیاسی نەبوو، تەنها لەژێر ناونیشانی تورکمان بەسترا.

 

ئەو کۆنگرەیە بە ئیرادەی گەل بەسترا و تێیدا بڕیاری زۆر گرینگ دەرکرا. لە هەمانکاتدا نەخشەی سیاسی تورکمان لەو کۆنگرەیەدا کێشرا. یەکێک لەو بڕیارانە ئەوەبوو کە سیستەمێکی پەرلەمانی زۆرلایەنە دابمەزرێت، دامەزراندنی سیستەمێک کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت. بڕیاری زۆر گرینگ بۆ بەدەستهێنانی مافی سیاسی، ئیداری و کەلتووری تورکمان درا. لەبەر ئەوە هەر چەندە باس لەو کۆنگرەیە بکەین ناتوانین بیدرکێنین کە چەندە گرینگە. بەم هۆیەوە هەموو پارتەکان پێویستە ئەم رۆژە گرینگە بەرز رابگرن”.

 

ئەو سیاسەتمەدارە بە ئەزموونە باسی لە هێزی سیاسی تورکمانی لە ساڵەکانی ١٩٩٠ کرد و ئاماژەی بە سەختی چالاکییە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت، “لەکۆندا ئەنجامدانی کاری سیاسی، دامەزراندنی پارتی سیاسی، دامەزراندنی رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسی قەدەغە بوو. پاڵەپەستۆیەکی زۆر لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەکرایە سەر گەلی تورکمان. لەدوای ساڵی ١٩٩١ لێرە ناوچەیەکی ئارام راگەیەندرا. تورکمانیش وەکو تەواوی پارتە سیاسییەکانی دیکە پارتی سیاسی خۆی دامەزراند. لە ساڵی ١٩٧٤ەوە تەنها ئۆجاغی برایەتی تورکمان لە هەولێر(ئەربیل) بوونی هەبوو، تەنها ئەو دامەزراوەیە لە چوارچێوەی چالاکییە کەلتوورییەکان چالاکییەکانی بەڕێوەدەبرد. بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ەوە پارتی نەتەوەیی تورکمان و تەواوی پارتەکانی دیکە دەستیان بە چالاکی سیاسی کرد”.

 

رۆمیۆ هەکاری، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی لەبارەی پرسی کۆتا و چارەسەری کێشەکانی پێکهاتەکان وەڵامی پرسیارەکانی تەبای دایەوە.

 

وەک دەزانین نوسراوێکتان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردبوو لەبارەی کۆتاکان ئەو نوسراوە چییە و باس لەچی دەکات؟ داواکاری پەرلەمنتارانی کلدانی و ئاشوری وسریانی چییە لەسەرۆکایەتی پەرلەمان؟

 

ئەم نوسراوە بە دڵنیایەوە زادەی زیاتر لە ١٠ ساڵە، کە بابەتی سیستەمی کۆتا بۆ گەلی ئێمە وەکو کلدو ئاشورییەکان هەروەها بۆ برا تورکمانەکانیش داندراوە. چونکە سیستەمەکە جیا لەنەتەوەی کورد بۆ هەردوو نەتەوەیە کە هەر یەکە ٥ کورسی بۆ دیاری کراوە لە پەرلەمانی کوردستان، مشتومرێکی زۆر هاتۆتە سەر سیستەمی کۆتا. قسە لەدژی کۆتا دەکرێت، بەتایبەتی لە خولی چوارەمی پەرلەمان و لەم خولەش. خەڵک هەیە مەبەستم فراکسیۆنە کوردیەکانە، زۆر جار باس لەوە دەکەن کە ئەم پێنج کورسیە زیادەیە یاخود زۆرە بۆ کلدو ئاشورییەکان وە یاخود بۆ خوشک و برا تورکمانەکان. دەبێت فراکسیۆنەکان قبوڵی پێکهاتەکانی دیکە بکەن.

 

من  پێموایە دەبێت قبوڵی زیادکردنی ژمارەکانیشیان بکەن بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک دروست ببێت لە پەرلەمانی کوردستان. زۆر جار فراکسیۆنەکانی دیکە لەسەر شتێک رێک نەکەوتوون، دەتواندرێت کۆتا ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی لایەنەکان بە یەکتر بگەیەنێت. بەڵام بەداخەوە نە بەمشێوەیە سەیری کۆتاکان کرا، نە قسەشی لەسەرکرا. بەپێچەوانەوە زۆر جار بانگەوازی راگەیاندنی نارێک و نادروست دژی کۆتاکان کرا. وەکو ئەوەی پێش چەند مانگێک روویدا، بۆ نموونە ئەم سیستەمی کۆتایە من لەبیرمە لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان ئێمە هەرخۆمان قسەمان لەسەر ئەوە کرد کە دەبێت تەنها رۆڵەی ئێمە، واتا کلدو ئاشورییەکان مافی دەگدانیان هەبێت، ئەوان دەنگ بە نوێنەری خۆیان بدەن. هەروەها بەهەمان شێوەش بۆ خوشک و برا تورکمانەکان. بەڵام هەر لەوکاتە لە بیرمە وتیان ناکرێت لە رووی مافی مرۆڤ تۆ جیاوازی بکەیت لە نێوان ئەم نەتەوانە. بەم شێوەیە وتیان تۆ مافی کوردێک پێشێل دەکەی، کە دەیەوێت دەنگ بە ئاشورییەک یاخود تورکمانێک بدات. بەڵام ئێمە بۆچی ئەم باسەمان کرد لەبەر ئەوەی دەستوەردان نەبێت لە مافی کۆتاکان. چونکە بەم شێوەیە بێت کورد بە حوکمی ئەوەی بە ژمارە لە کلدو ئاشورییەکان و تورکمانەکان زیاترە، دەتوانێت کۆتاکە بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت دایبرێژێت. بۆیە نیگەرانیەکی زۆری لێکەوتەوە.

 

بە داخەوە هەندێک حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کلدو ئاشوریش راستگۆ نەبوون لەگەڵ ئەو قسانەی کە دەیانکرد، وە لەگەڵ ئەو هەڵوێستانەی کە دەیان نواند بەرامبەر بە کۆتا. هەندێکیان ئامادە نەبوون بۆ ئەوەی حیزب و لایەن سیاسییەکانی گەلەکەمان بە یەکەوە داوایەک بکەن بۆ ئەوەی سیستەمی کۆتا ئالیەتی هەڵبژاردن بگۆرێت بەو شێوەیەی کە ئێمە دەمانەوێت. هەندێکیان بۆ موزایەدە چوون خۆپیشادانیان کرد لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان، بریار بوو هەموو حیزبەکان بە حیزبەکەی ئێمەشەوە وەکو حیزبی دیموکراتی بێتنەری کە یەکەمین حیزب بوو واژۆی یاداشت نامەکەی کرد، بۆ ئەوەی خۆپیشاندان بکات لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان بۆ داواکردنی گۆڕینی ئالیەتی هەڵبژاردن بۆ سیستەمی کۆتا بۆ پێنج کورسیەکە. بەڵام بەداخەوە لێرەو لەوێ هەندێک شتی نابەجێیان کرد. هەندێکیان بەتەنیا یەک دوو حیزب مانەوە بۆ ئەوەی بابەتەکە بۆخۆیان وەکو مەکسەبێکی تەسکی حیزبی بکەن، ئەمەش سەری نەگرت لەبەر ئەوەی ئەو لایەنانە راستگۆ نەبوون. بۆیە من خۆم لەکاتی گفتوگۆی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە خولی دووەم هەمان ئەم قسانەی لەم نوسراوەدا هاتووە باسم کرد. هەر ئەو کاتە نوێنەری لایەنێکی تری ئاشوری کە ئێستا دەیەوێت خۆی بکاتە خاوەنی ئالیەتی گۆرینی هەڵبژاردن بۆ نوێنەری کلدو ئاشورییەکان خۆی دژی من وەستاو وتی ”ئەو قسانەی رۆمیۆ هەکاری دەیکات من دژیم”.

 

کەواتە جۆرە یارییەک هەبووە لەم بابەتانە، لێرەدا هەوڵماندا ئێمە هەرسێ فراکسیۆنەکانی گەلەکەمان پێکەوە بین. بەڵام بەداخەوە هەندێک لە حزبەکان هەر لەسەرەتاوە ویستیان بە شێوەیەکی تاک لایەنانە کاری حیزبایەتی و سیاسەتی خۆیان بکەن کە ئەمە زەرەرێکی زۆری لە قەزیەی ئێمە وەکو کلدان و ئاشوری داوە. بە تەئکید حیزبە تورکمانییەکانیش هەندێکیان بەوشێوەیە بیردەکەنەوە کە پێموایە باشترین شت بۆ حیزب و لایەنە تورکمانیەکان و کلد ئاشورییەکان پێوویستە لەسەر هەرچ شتێک کە پەیوەستە بە ماف و داخوازی و داهاتووی گەلەکەمان دەبێت هەموومان پێکەوە بین بە شێوەیەکی کۆمەڵ بەگژ داواکاری مافەکانماندا بچین.