بارزانى له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان كۆبووه‌وه‌

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٣٠ ئایاری ٢٠٢٠، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانی عێراق له‌گه‌ڵ مێجەر جەنەرال ئیریک هیل، فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كۆبووه‌وه‌.

 

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم ئاماده‌ى بوو، دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و هه‌وڵ و ڕێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، هه‌روه‌ها لێكه‌وته‌كانى به‌تايبه‌تى له‌ بواره‌كانى ته‌ندروستى و ئابووريدا‌ و كاريگه‌رى له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و جموجووڵى سه‌ربازيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا تاوتوێ كرا.

 

ديالۆگى ستراتيژيى ئه‌مه‌ريكى ـ عێراقى كه‌ بڕياره‌ مانگى داهاتوو ده‌ست پێبكات و تيايدا نه‌خشه‌ڕێگه‌يه‌ك بۆ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێستا و داهاتووى عێراق و ئه‌مه‌ريكا تاوتوێ بكرێت، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌يه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگيى ئاماده‌يى و به‌شداريى هه‌رێمى كوردستانی عێراق له‌و ديالۆگه‌ و له‌ دانان و ئاماده‌كردنى نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌دا كرده‌وه‌.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ و مه‌ترسييه‌كانى فراوانبوونى جموجووڵ و هێرشه‌كانى تيرۆرستانى داعش له‌ عێراق و سووريا كرا كه‌ بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جددى له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيرى له‌ هه‌ردوو وڵات.

 

بارزانى وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى گرنگى و پێويستيى به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا، جه‌ختيشى له‌سه‌ر پێويستيى هه‌نگاونانى سياسى له‌ عێراق كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكهاته‌ عێراقييه‌كان هه‌ست به‌ هاوبه‌شی و متمانه‌ و پارێزراویی ئێستا و داهاتوویان له‌ عێراقدا بکه‌ن.