ئەمینداری یەکگرتوو لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی کۆبوویەوە

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان سه‌ردانی پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سلێمانی كرد.  

 

 

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن نووسینگەی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، بەیاوەری وەفدێكی باڵای یەكگرتوو سەردانی پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی كردووه‌ و پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرە و ٤٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان كردووه‌.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لە دیدارێكدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی هەرێم، عێراق و ناوچەكە كراوه‌ و جەختیش له‌وه‌كراوه‌ته‌وە، كه‌ پێویستە لە پاڵ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خاك و خەڵكی كوردستان، دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان بیر لەچارەسەری ریشەیی بژێویی هاووڵاتیان بەگشتیی و مووچەخۆران بە تایبەت بكاتەوە، لەگەڵ ئەنجامدانی هەرجۆرە گۆڕانكارییەكیش پێویستە كە هاووڵاتیانی هەژارو كەمدەرامەت زەرەرمەند نەبن.

 

تیشكخراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش لە كۆتایی دیدارەكەدا جەخت لەسەر برەودان و بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوولا كراوه‌ته‌وه‌.