ئەمشەو كیكێ سێتین یەکەم تاقیکردنەوەی خۆی لەگەڵ بارسیلۆنا ئەنجام دەدات

كیكێ سێتین، راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو شتێكی یانه‌كه‌ی و یاریزانه‌كانی رازییه‌ و وتیشی “له‌ بابه‌تی گواستنه‌وه‌كان په‌له‌ ناكه‌م”.

 

 

ئه‌مشه‌و له‌ گه‌ڕی ٢٠ی لالیگادا، بارسێلۆنا كاژێر ٢٣:00 به‌ كاتی هەولێر، له‌سه‌ر یاریگه‌ی كامپ نو میوانداری گرانادا ده‌كات.

 

 

كیكێ سێتین، له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌ڤانی به‌ر له‌ یارییه‌كه‌دا قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌وانان كرد و دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هۆشداری داوه‌ته‌ یاریزانه‌كانی و وتی “وابزانم گرانادا هیواده‌خوازێت ئه‌نجامی یاریی گه‌ڕی چوون دووباره‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان ئه‌و رۆژه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاب یارییان كرد، له‌وانه‌شه‌ بتوانن ئاستێكی هاوشێوه‌ پێشكه‌ش بكه‌نه‌وه‌، من هه‌میشه‌ به‌ یاریزانه‌كانم ده‌ڵێم ده‌بێ به‌رده‌وام وابیر له‌ تیپی به‌رامبه‌ر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ باشترین ئاست ده‌رده‌كه‌وێت”.

 

سێتین له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا باسی كاركردنی خۆی له‌ یانه‌ نوێیه‌كه‌ی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان خۆی و یاریزانه‌كانی كرد و وتی “پێم سه‌یربوو كه‌ یاریزانه‌كانم زۆر به‌خێرایی رازی بوون به‌و گۆڕانگارییانه‌ی من ئه‌نجامم دان، من له‌ هه‌موو شتێك رازیم، ئاستی كاركردنیان و تواناكانیان و زوو تێگه‌یشتن له‌ هه‌ر شتێك كه‌ داوایان لێده‌كه‌م.

له‌باره‌ی گواستنه‌وه‌كانیشه‌وه‌، كیكێ وتی “پێمباشه‌ به‌ باشی حساب بۆ هه‌موو شتێك بكه‌م نه‌ك زوو بڕیار بده‌م، ده‌مه‌وێ له‌وه‌ تێبگه‌م كه‌ ئێمه‌ یاریزانی چۆنمان هه‌یه‌، ئینجا بیر له‌ گواستنه‌وه‌كان بكه‌مه‌وه‌، هێشتا بۆ ئه‌وه‌ كاتمان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ندێجاریش شانس رۆڵی خۆی ده‌بێنێت، بۆ نموونه‌ له‌وانه‌یه‌ یاریزانێكت تووشی پێكانێكی قورس بێت و ناچاربی گرێبه‌ستێك بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی ئه‌و بكه‌ی”.

وەڵامێک بنووسە