’’ئەمریكا بە عێراقی راگەیاندووە كە ئیسرائیل بەرپرسە لە بۆردومانكردنی حەشدی شەعبی‘‘

عەبدولخالق عەزاوی ئەندامی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، “ئەمریكا بە عێراقی راگەیاندووە، ئیسرائیل بەرپرسە لەو بۆردومانانەی كە لە میانی چەند هەفتەی رابردوودا كرانە سەر كۆگا و بارەگاكانی حەشدی شەعبی”.

 

 

 

 

عەبدولخالق عەزاوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند “كاری لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لەبارەی هۆكاری ئەو زنجیرە تەقینەوانەی كە بەم دواییانە لە چەند كۆگا و بارەگایەكی حەشدی شەعبی روویاندابوو، كۆتایی هاتووە”.

 

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، عەبدولخالق عەززاوی ئاماژەی بەوەكردووە بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كە ئەو هێرشانە لە لایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدراون، ژمارەی ئەو  هێرشانەی کە ئەنجامدراون ١٢ هێرش بووە.

 

عەزاوی راشیگەیاند”لایەنی ئەمریكی كە بەرپرسە لە پاراستن و چاودێرێكردنی ئاسمانی عێراق، بە عێراقی راگەیاندووە ئەو هێرشانە لە لایەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون”.

ناوبراو راشیگەیاندووە “ژمارەیەك لەو هێرشانە راگەیەندراون، بەڵام بەشی دیكەی باس نەكراوە”.

جێگای ئاماژەیە هیچ زانیاری و روونكردنەوەیەك لەوبارەوە لە لایەن كاربەدەستانی عێراق، ئەمریكا و ئیسرائیلەوە بڵاونەكراوەتەوە.

 

وەڵامێک بنووسە