ئێران.. ژمارەی گیانلەدستداوان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ١٤ کەس بەرزبوویەوە

سێ کەسى دیکە لە ئێران بەهۆى تووشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا، تارانیش دەڵێت، لە رۆژانى داهاتوودا ژمارەى حاڵەتەکانى تووشبوون کەمدەبێتەوە.

 

 

 

 ئاژانسى هەواڵى ئیرناى ئێرانى بڵاویکردەوە، لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا دووان لە تووشبووان بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە شارى ساوەى باکورى ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات تووشبوویەکى دیکەش لە سنورى پارێزگاى ئەلبورز مردووە.

 

ئاژانسەکە ئاماژەى بەوەشداوە، پێشتر دەسەڵاتدارانى ئێران ئاشکرایانکردبوو، ژمارەى مرددوان بە کۆرۆنا ١٤ کەس بووە، بەو پێشەش بێت ژمارەى کۆى مردووان گەیشتووتە ١٧ کەس، لەگەڵ دەیان حاڵەتى تووشبوون بە ڤایرۆسەکە.

 

لەلایەکى ترەوە عەلى ئەکبەر ویلایەتى راوێژکارى رابەرى باڵاى شۆڕشى ئێران لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لەو نەخۆشخانەى کە لە تاران تایبەت کراوە بە تووشبووانى کۆرۆنا رایگەیاند، ژمارەى تووشبووان لە رۆژانى داهاتوودا وردە وردە کەمدەبێتەوە.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، قورسە پزیشکەکان بتوانن ڤایرۆسەکە لە ناو سنورى ئێران کۆنتڕۆڵ بکەن و ڕێگرى لە چوونە دەرەوەى بۆ وڵاتانى دیکە بکەن، چونکە ڤایرۆسەکە بە خێرانى لە وڵاتانى جیهان بڵاودەبێتەوە، بەڵام هەرچییەک لە توانا بێت وەزارەتى تەندروستى دەیکات.

 

وتیشى، نەخۆشخانەى مەسیج دانشورى کە نەخۆشخانەیەکى سەرکەوتووە لە بوارى نەخۆشییە گوازراوە و پەتاکات، ئامادەیە بۆ ئەوەى هەموو خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە تووشبووان بکات.

وەڵامێک بنووسە