ئەمریكا لەڕووی زۆری ژمارەی تووشبووان به‌ ڤایرۆسی کۆرۆنا پلەی یەکەمی لە جیهان وەرگرت

ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) له‌ ئه‌مریكا گه‌یشته‌ ٨٢ هه‌زار و ١٧٩ حاڵه‌ت، به‌مه‌یش لەڕووی زۆری ژمارەی تووشبووان به‌و ڤایرۆسه‌ پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی جیهان وەرگرت.

 

 

ماڵپه‌ڕی “Worldometer” به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیاری نوێكراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ حاڵه‌ته‌كانی نوێی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ له‌ جیهاندا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ماوه‌ی شه‌ش كاتژمێری رابردوودا، ١٢ هه‌زار و ٩٨٢ كه‌سی دیكه‌ له‌ ئه‌مریكا تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و كۆی گشتیی ژماره‌ی تووشبووان گه‌یشتووه‌ته‌ ٨٢ هه‌زار و ١٧٩ كه‌س، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ هه‌مان ماوه‌دا ١٣١ كه‌سی دیكه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و كۆی گشتیی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی تا ئێستا له‌و وڵاته‌دا به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌زار و ١٧٧ كه‌س.

 

دوێنێ ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌ ئه‌مریكا ٥٥ هه‌زار و ٢٣٨ حاڵه‌ت بوو و، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌شی گیانیان له‌ده‌ستدابوو ٨٠٢ كه‌س بوون.

له‌ كاتێكدا ئه‌مریكا له‌ رووی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه كه‌ ٨٢ هه‌زار و ١٧٩ حاڵه‌ته‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می گرتووه‌ له‌ جیهاندا، له‌ دوای ئه‌و چین دێت كه‌ ٨١ هه‌زار و ٢٨٥ حاڵه‌تی هه‌یه‌، پاشان‌ ئیتاڵیا كه‌ ٨٠ هه‌زار و ٥٨٩ حاڵه‌تی تووشبوونی هه‌یه‌.

 

ته‌نیا له‌ شاری نیویۆرك له‌ ئه‌مریكا ٣٧ هه‌زار و ٧٣٨ حاڵه‌تی توشبوون به‌ په‌تاكه‌ هه‌یه‌ و، تا ئێستا ٣٨٥ كه‌س له‌و شاره‌ بهو ‌هۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌وه‌یش له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ناوچه‌كانی ئه‌مریكادا دێت‌. دوای ئه‌و نیوجێرسی شه‌ش هه‌زار و ٨٧٦ حاڵه‌تی توشبوون و، كالیفۆڕنیا سێ هه‌زار و ٨٢٩ حاڵه‌تی توشبوون.

وەڵامێک بنووسە